سامانە سروشتییەكان روونكردنەوەیەك سەبارەت بە گرفتی بەنزین بڵاودەكاتەوە


وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ دابینكردنی بەشێكی پێداویستی ناوخۆ، حكومەت رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بە نرخی ٦٩٠ دینار، لەڕێگەی چەند بەنزینخایەكەوە دابەش دەكرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دابینكردنی بەنزین بە كوالێتییەكی باش و نرخێكی گونجاو، هەروەها رێگریی لە قۆرخكاری هاوردەكردنی بەنزین و هێنانی بەنزینی بێ كوالێتی دەكات، كارئاسانی تەواویش كراوە بۆ بازرگانان، بۆ هاوردەكردنی بەنزین "لابردنی باج و گومرك".

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان روونیكردۆتەوە "بۆ دابینكردنی بەشێكی پێداویستی ناوخۆ، حكومەت رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بە نرخی ٦٩٠ دینار، لەڕێگەی چەند بەنزینخایەكەوە دابەش دەكرێت، هەروەها لەڕێگەی لیژنەی تایبەتییەوە، چاودێری بەردەوامی بەنزینخانەكان دەكرێت، هەر بەنزینخانەیەك سەرپێچی بكات یان كوالێتیی بەنزینەكەی خراپ بێت، سزا دەدرێت".

سامانە سروشتییەكان دەڵێت "بڕیار وابوو حكومەتی فیدراڵی رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، لە ٩ مانگی رابردوودا بەنزیكەیی نیوەی ئەو بڕەی ناردووە، لەسەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵیشەوە هیچ بڕە بەنزینێك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە".

روونكردنەوەكەی سامانە سروشتییەكان لە كاتێكدایە لەم هەفتەیەدا نرخی جۆرەكانی بەنزین بۆ سەروی هەزار و 200 دینار بەرزبوونەوە.



PM:10:40:08/06/2022