"ئاوی خاوێن دەگەیەنرێتە هەشتی حەسارۆكی هەولێر و دەست بە دروستكردنی خانوو دەكرێت"



وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو دەست بە دروستكردنی خانوو لە ناوچەی هەشتی حەسارۆك دەكرێت.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ نوێنەرانی خاوەنزەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆك كۆبووەوە و پێی راگەیاندن، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە لێدانی بیر دەكرێت و لە سەرەتاشدا سێ بیر پێكەوە لێ دەدرێن، هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەدا سەرەبلۆكی تەواوی گەڕەكی هەشتی حەسارۆك دادەنرێت.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردوە "وەزیری شارەوانی پێی راگەیاندن، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەموو خاوەن زەوییەك دەتوانێت خانوو دروست بكات، ئەوانەش كە سەرەبلۆكیان داناوە و فایلیان تەواو بووە، ئێستا دەتوانن سەردانی شارەوانی چوار بكەن بە مەبەستی مۆڵەتی ڕێگەپێدانی دروستكردنی خانوو".



PM:08:47:15/06/2022