پەروین بوڵدان‌ و میتحەت سانجار بە هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردرانەوە

ئەمرۆ یەکشەممە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هۆڵی وەرزشی ئەنقەرەی پایتەختی وڵاتی تورکیا بە ئامادەبوونی (٥٠) هەزار کەس و زیاتر لە سەد شاندی نێودەوڵەتی كۆنگرەی پێنجەمی خۆی دەستپێکرد، لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران. 

بەوتەی بەرپرسانی ھەدەپە كۆنگرەی پێنجەمی حزبەكە، لە ژێر دروشمی (ئێمە چارەسەرین) بە بەشداریی (٥٠) هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە بەڕێوەچوو، هاوکات هەزار و ٥٠ کەس ئەندامی کۆنگرەن.
هەروەها لە كۆنگرەكه‌دا هەریەک لە (پەروین بوڵدان‌ و میتحەت سانجار) بە هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردرانەوە، هاوکات ئەنجوومەنێکی ڕاوێژکاری دیاری کرا، کە ژمارەیان (٤٣) ئەندامە و پێکهاتوون لە نوسەر، ئەکادیمی، ڕۆژنامەنووس، کۆمەڵناس‌ و هونەرمەند.

پارتی ديموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ١٥ی ١٠ی ٢٠١٢ دامەزراوە، بە پارتێکی فەرمی تورکیا خۆی ناساندووە، سێیەمین فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی تورکیایە و پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە.


PM:06:18:03/07/2022