بڕیارێك لە خوێندنی باڵاوە بۆ دەرچووانی دوو بەشی زانكۆ


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە لێخۆشبون لە رسوماتی پشتگیری دەرچون، بۆ بەشە كشتوكاڵییەكان و ڤێتێرنەری كە پێشتر بڕی ٦٠ هەزار دینار وەردەگیرا.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاردرا بە لێخۆشبون لە وەرگرتنی رسوماتی پشتگیری بڕوانامەی دەرچون، بۆ دەرچوانی بەشە كشتوكاڵییەكان و ڤێتێرنەری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كە دانەمەزراون، بەمەبەستی سەرپەرشتیكردنی پرۆژە كشتوكاڵییەكان لە كەرتی تایبەت كە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو داوای هەلیكار و دامەزراندن دەكەن.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیارەكەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاڕاستەی گشت زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان كراوە بەمەبەستی جێبەجێكردن و پاڵپشتە بە كۆنوسی ژمارە (4)ی ساڵی (2022)ی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت و پشت بەستن بە بڕگەی (9)ی بڕیاری ژمارە (86)ی ساڵی (2016) ی ئەنجومەنی وەزیران.



PM:07:57:04/07/2022