ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی حوزەیران، سەرۆکی پارتی
دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا
لە عێراق کرد و تیایدا نیگەرانییەكان لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی توركیا لە ڕۆژئاوای
كوردستان خرانە بەرباس.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە " لە سەلاحەددین مەسعود
بارزانی پێشوازی لە ئێریك شوڤالییێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد و لە دیدارەكەدا
كە ئۆلیڤییە دێکۆتینی كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق
و دوا پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تاز تاوتوێ كران."
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی شنگال و گوزەرانی
ئاوارەكان و پێویستیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال خرایە بەر باس و گفتوگۆ، لە
بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئاییندەی كورد لە سووریا و نیگەرانییەكان
لەمەڕ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان خرانەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو دیدارەدا وێڕای
ئاماژەپێدان بە دوایین گفتوگۆی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك ماكڕۆن، جەخت
لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی فەڕەنسا و حكوومەتی هەرێم كرایەوە.