فوئاد حسێن: ئەو شوێنانەی تورکیا هێرشیان بۆ دەکات شوێنی پەکەکە نین

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کێشەی پەکەکە و تورکیا کێشەیەکی ناوخۆی خۆیانە، بەڵام ئەو شوێنانەی تورکیا هێرشیان بۆ دەکات شوێنی پەکەکە نین. دەشڵێت" ناکرێت تورکیا هەرکاتێت بیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی عێراق بکات". 
 
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی ئەو رێککارانەی کە عێراق بەرامبەر تورکیا دەیگرێتەبەر بە (ڕووداو)ی ڕاگەیاند" لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵامان تۆمارکرد و بە رێکاری دیپلۆماسی ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین". 
 
دەربارەی ئەو ناوچەیەی لە سنووری زاخۆ کە تۆپباران کرا، ئایا ئەندامانی پەکەکەی لێبوو وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەست من گەیشتووە ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج پەکەکەی لێ نەبووە.
 
وتیشی" پێویستە تورکیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، بە تایبەتی عێراق نیازی ئەوەی نییە، بە پێچەوانەوە دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ تورکیا هەبێت، بە رێگەی دیالۆگ، بەڵام پەیوەندییەکە نابێت بەو شێوەیە بێت کە ئەوان هەر کاتێک بیانەوێت دێنە ناو خاکی عێراق، هەر کاتێک بیانەوێت هێرش بکەن، هەر کاتێک بیانەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی عێراق بکەن". 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستووری عێراق رێگە نادات پەکەکە لەسەر خاکی عێراق و لە کوردستانەوە چالاکی سەربازی خۆی رێکبخات و هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە، ئەمە قبووڵ ناکرێت، واتە پەکەکە کێشەیەکە بۆ عێراقیش، بەڵام ئەمە بەو شێوە هێرشکردنەی تورکیا دەیکات چارەسەر نابێت، بێجگە لەوە هێرشەکانی تورکیا راستی بڵێم لە رووی سەبازی و جوگرافی و هێرشکردنەوە گورز لە خەڵکی عێراق و کوردستان دەدات، لەو ماوەیە خەڵێکی زۆری سڤیل کوژراون، ئەوان زۆربەی جار دەڵێن ئێمە لەدوای پەکەکەین و شەڕی پەکەکە دەکەین، بەڵام دەبینین شەڕەکە فراوان بووە، دەبینین ئەو شوێنانەی بە ئامانجی دەگرن شوێنی پەکەکە نییە. 

حکومەتی عێراق بۆ ئەو کێشەیە پەنا دەباتە بەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەن لەسەر داوای عێراق کۆبێتەوە. 


PM:01:00:23/07/2022