وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" سبەینێ مووچەی مامۆستایانی زانکۆ و وانەبێژان دابەشدەکرێت".
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پارەی نەختینە تەرخانكراوە و سبەی مووچەی مامۆستایانی زانكۆ و وانەبێژی پێكەوە دابەشدەكرێت و ھەوڵی جدی ھەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەبوونی سیولە لە بانكەكانی سلێمانی".
سەمیر هەورامی دەشڵێت "داھات و خەرجی لە سلێمانی شەفافتر دەكرێت لەڕێی سیستەمێكی ئەلكترۆنییەوە، بەشێوازێك كە روونبێت داھاتی ھەر دەزگایەكی حكومی لە ھەر رۆژێكدا چەندە و خەرجییەكانیش چەندە و بۆچی خەرج دەكرێن، لەماوەی داھاتوو سیستەمەكە دەكەوێتەكار".
تا ئێستا بە تێپەڕبوونی جەژی قوربانییەشەوە، مامۆستایانی وانەبێژ و مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا لە سلێمانی مووچەی مانگی شەشیان وەرنەگرتووە.