له‌باره‌ی (فرۆشتن)ی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كانی (١٢)ی ئاماده‌یی ڕوونکردنەوە دەدرێت

لیژنەی باڵای ئەزمونەکانى وەزارەتى پەروەردەی هەرێم رایدەگەیەنێت" حاڵەتى بەکارهێنانی نامەی مۆبایل بۆ گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانى پۆلى (١٢) هەبووە بەهۆی کەمتەرخەمی لە پشکنین، بەڵام کۆنترۆڵکراوە". 

لیژنەی باڵای ئەزمونەکانی وه‌زاره‌تی پەروەردەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌" وەک پێشتر رامانگەیاندبو کە 111 حاڵەتی هەوڵی گزیکردن لەکاتی تاقیکردنەوەکان تۆمارکراوە کە رێکاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتە بەر، هاوڵاتییەک دوێنێ شەو هەندێک قسەی کردوە لەسەر بابەتی گزیکردن، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی فرۆشتنی بلوتوس هەیە و قوتابیانی پێ فریو دەدرێت، وەک هاوڵاتییه‌كه‌ خۆشی رونکردنەوەی داوە ئەوەی کە باسی دەکات لە چوارچێوەی ئەو (١١١) حاڵەتەیە کە ئێمە کۆنتڕۆڵمان کردوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە، وەزارەت هەماهەنگی هەبوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەسەرکەوتوی توانیویەتی کۆنتڕۆڵی ئەو بابەتە بکات، لەسەر بەکارهێنانی نامەی مۆبایل بۆ گزیکردن کە لەسەرەتادا بەهۆی کەمتەرخەمی لە پشکنین لەچەند هۆڵێکی دیاریکراوی تاقیکردنەوە مۆبایل براوەتە ژورەوە، ئەوەی ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئاماژەی پێدەدات لەلایەن وەزارەت بەهەماهەنگی هێزەکانی ئاسایش کۆنتڕۆڵ کراوە و بەکارهێنەرانیشی کە ژمارەیان  زۆر کەمبوە و لەناو تاقیکردنەوە ئەو کارەیان کردوە بەمەبەستی سودی شەخسی خۆیان، ئەنجامەکەیان بە گزیی بۆ هەژمارکراوە.

دەشڵێت" لایەنە ئەمنییەکان کە ژمارەی ئەو سیمکارتانەمان داونەتێ وردەکاریی و تەنانەت فۆرمی ژمارەکەشیان بۆ ناردوینەتەوە و ئاسایش کاری پێویستی لەسەر کردوە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی پۆلیس  و پاشان دادگاش کردوە، تیمی تایبەتی لە لایەن بەرێزان لە ئاسایش هەبوە، بەناوکردن و نەکردنی سیمکارتەکە رێگر نەبوە کە کاری پێویست ئەنجامبدرێت (ئەم وردەکارییەک ئێمە نامانەوێت باسی بکەین) و بەکەمتر لە دو کاتژمێر دەستگیرکران و پاش لێکۆڵینەوە ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگا کراون". 

ئه‌وه‌شی خستەڕوو، هەمو رێکارەکانی گرتوه‌تەبەر بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێبەجێ بێت و بەکارهێنەرە نایاساییەکان روبەڕوی دادگا بکرێنەوە کە روبەروش کراونەتەوە، تەنانەت ئەگەر لە هۆڵێکیش کەمتەرخەمی کرابێت و (دوایی تاقیکردنەوەش) وێنەی پرسیارێک گیرابێت سزای کارگێریی هەمو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێرانەشیان داوە کە کەمتەرخەم بون. 


PM:05:07:31/07/2022