لە بەندیخانەیەكی ژنان گرژی دروستبوو


لە بەشی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی نزیكبوونەوەی رۆژانی موحەڕەم، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ژنە بەندكراوەكاندا دروست بووە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە "لە بەندیخانەی ناوەندی ئورومیە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی ڕۆژانی موحەڕڕەم، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە ژنانی پەیڕەوی مەزهەبی شیعە بێ ڕێزیان بە بەندكراوانی سوننە مەزهەب كردووە لەنێوان بەندكراوانی كورد و تورك ئاڵۆزی و گرژی دروستبووە و ئەم گرژییە لە ڕۆژی چوارشەممەوە تاوەكو ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە درێژەی كێشاوە بە جۆرێك كە چەندین كەس لە هەردوولا برینداربوون."   

هەر بەپێی هەواڵەكە "دوابەدوای ئەم ئاڵۆزی و گرژییە هەموو پەیوەندییەكانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە پچڕاوە و هەتا ئێستا بنەماڵەكانیان نەیانتوانیوە كە پەیوەندیان لەگەڵ بگرن و هەر ئەمەش بنەماڵەكانی نیگەران كردووە."   



AM:10:10:05/08/2022