پیاوێك هاوسەرەكەی كوشت و خۆی و براژنیشی بریندار كرد


درەنگانی شەوی رابردوو هاوڵاتیەكی عەرەب لە گوندێكی كوردنشینی سنوری ناحیەی شوان هاوسەرەكەی كوشتوە و خۆی و براژنەكەشی بریندار كردووە.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای كەركوك بە (خەندان)ی راگەیاندووە "لە گوندی سەقزلی سەر ناحیەی شوانی پارێزگای كەركوك، بەهۆی دروستبونی كێشە و دەمەقاڵێ لەنێوانیان، پیاوێك دەستڕێژی گوللـەی لە هاوسەرەكەی و براژنەكەشی كردوە، پاشانیش گوللـەیەكی بەخۆیەوە ناوە".

ئەو سەرچاوەیە وتویەتی "لەئەنجامدا هاوسەری تۆمەتباری سەرەكی روداوەكە كوژراوە، خۆی و براژنەكەشی بەسەختی برینداربون، لەئێستاشدا لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدان لەنەخۆشخانەی ئازادی شاری كەركوك.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "تائێستا هۆكاری سەرەكی روداوەكە نەزانراوە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتیەوە بوبێت، ئەو خێزانەش پێشتر دانیشتوی قەزای تەلەعفەر بون لە پارێزگای نەینەوا و ماوەی چەند ساڵێكە بەمەبەستی شوانكاری و بەخێوكردنی مەڕو ماڵات رویان لە گوندی سەقزلی كردوە كە گوندێكی كوردنشینە".



AM:10:25:05/08/2022