بەرپرسێکی پژاک لە ڕۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج

دەستەی ناوخۆی هەرێمی جزیرە ڕایدەگەیەنێت" لە هێرشەکەی ڕۆژی ٦ی ئابی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی سەناعەی قامیشلۆ، یوسف مەحمود ڕەبانی، فەرماندەی پژاک شەهیدبووە".

حەمرین عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری ناوخۆی هەرێمی جزیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە بۆردوومانەکەی ڕۆژی ٦ی ئابی ٢٠٢٢ی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیادا لە گەڕەکی سەناعەی قامیشلۆ، کە تێیدا چوار کەس شەهیدبوون، ژمارەیەک کەسیش برینداربوون، کە یەکێکیان یوسف مەحمود ڕەبانی، ئەندامی فەرماندەیی پژاک بوو". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای هێرشەکە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و سەرباری هەموو هەوڵەکانیش بۆ ڕزگارکردنی ژیانی بریندارەکان، بەڵام یوسف مەحمود ڕەبانی، ئەندامی فەرماندەیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک شەهیدبوو.

ڕوونیشیکردەوە، یوسف مەحمود ڕەبانی بۆ سەردان چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵک کۆببێتەوە و لە نزیکەوە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ببینێت، هەروەها کاری دەکرد بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان.


PM:01:02:10/08/2022