دوو بڕگە لە داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانووی زیادەڕۆ لادەبڕێت


بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی كارئاسانی بۆ ئەو كەسانەی خانووی زیادەڕۆییان هەیە و دەیانەوێت بیكەنە تاپۆ، دوو بڕگە لە داواكارییەكان لادەبەن.

بەپێی هەواڵێكی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، تایبەت بە پێدانی ڕێنمایی بە (موختارەكانی) شاری سلێمانی، بەمەبەستی جێبەجێكردنی یاسای (٣)ی ساڵی  ٢٠٠٩، هەمواركراوی ژمارە (٧)ی ٢٠٢١، تایبەت بە تەملیكردنی خانووە زیادەڕۆییەكان و ڕێنماییدان، بە موختارەكان بۆ كارئاسانیكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان.

بەپێی رێنماییە نوێیەكان "بە هیچ شێوەیەك داوای گرێبەستی نوسینگە نەكرێت، داوای فۆڕمی گوندەكان نەكرێت، پشتگیریی تەنها بۆ خانووی نیشتەجێ بكەن و بە واتا پشتگیریی بۆ (زەوی، هەیكەل، ئەساس) نەكرێت، بۆ هەر خانوویەك تەنها، یەك پشتگیری بكرێت، ئەگەر خانوویەك كرێچی تێدابوو، ئاماژەی پێبدەن لە پشتگیرییەكەدا، پشتگیریی بۆ هەموو خانوویەك بكرێت، كە لەناو سنوری گوندەكەدا بێت، یان لە دەرەوەی سنورەكە بێت، پێویستە هاووڵاتی پشتگیریی موختارەكەی، لەگەڵ داواكارییەك و پێداویستییەكانی وەك (كارتی نیشتیمانی، فۆڕمی خۆراك)، هەروەها پسوڵەی (ئاو، كارەبا) ئەگەر هەبوو; ببەن بۆ پارێزگا).


بەپێی رێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 9ی ئەیلول دوا رۆژی پێشكەشكردنی داواكارییە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت داواكاری پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی خانووە زیادەڕۆكانیان بكەنە تاپۆ.



PM:08:37:17/08/2022