وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەواڵێكی خۆشی سەبارەت بە بەنزین راگەیاند


وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، دوای ھەوڵێكی زۆر توانیویانە رۆژانە 2 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین دابین بكەن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە "لێژنەكانی بەدواداچوون و چاودێری بەنزینخانەكان لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكان ھەوڵەكانیان چڕتر دەكەنەوە بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردن و پاراستنی خەسڵەت و كواڵێتی بەنزین، ھەر بەنزینخانەیەكیش دەستكاریی خەسڵەتی  بەنزین بكات یاخود بەنزین بەكواڵێتی خراپ و دوور لەجێبەجێكردنی ڕێنماییەكان بفرۆشێت  سزا دەدرێت و سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەكرێت لە ڕێگەی (داواكاری گشتی) یەوە".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان  لە نوێترین هەوڵەكانی بۆ رێكخستنی بازاڕی بەنزین، توانیویەتی دوو ملیۆن و 500  ھەزار لتر بەنزین بەكواڵێتی زۆر باش ڕۆژانە دابین بكات و  كواڵێتی بەنزین باشتر  بكات".

هەروەها وتویەتی "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە  ماوەكانی پێشتر لە رێگەی دابینكردنی بەنزینی جۆری نۆڕماڵ بە نرخی پاڵپشتیكراو، ڕێگەی گرت لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین  توانیویەتی رۆژانە بە دابینكردنی 2.5 ملیۆن لیتری بەنزینی نۆڕماڵ، نرخەكەی دابەزێنێت و لە ئێستاشدا بە كوالێتیەكی باشتر كردووە  ھەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ زیادكردنی بڕی بەنزینی پێویست بەكواڵێتی زۆر باش".




PM:08:46:23/08/2022