دانیشتنەکانی خولی پایزەی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان یەکەم دانیشتنی خولی پایزەی ساڵی چوارەمی خۆی ئەنجام بدات، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوو بڕۆژە یاسا دەکرێت. 

ڕێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لە نوسراوێکدا ڕایگەیاندووە" بە پشتبەستن بە حوکمی بڕگەی سێیەم لە ماددەی ١٨ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان دەکەین بۆ دانیشتنی ژمارە یەکی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی چوارەم، لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق".

لە نوسراوەکەدا سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبونەوەکە رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت. 

به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێت: 

یه‌كه‌م: یەك دەقیقە بێ دەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی كوردستان و عێراق لەگەڵ مارشی نەتەوەیی.

دووه‌م: كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن، لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (٧)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

سێیەم: ووتەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بە بۆنەی كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ــ عێراق.

چوارەم: ووتەی بەڕێزان سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بە بۆنەی كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - عێراق، لە (٥) پێنچ خولەك زیاتر نەبێت.

پێنجەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژە یاسایانەی خوارەوە، پشت بەستن بە حوكمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (٧٨) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٨٣) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:

پڕۆژە یاسای (كار لە هەرێمی كوردستان - عێراق).

پڕۆژە یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان - عێراق ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠٠٨.


PM:12:50:30/08/2022