دوای ٢٦ ساڵ، دیسانەوە پارتی و یەكێتی لەسەر ٣١ی ئاب كەوتنە شەڕی میدیایی


لە 26هەمین ساڵیادی رووداوی 31ی ئاب كە تیایدا پارتی دیموكراتی كوردستان و سوپای رژێمی پێشووی بەعس هەولێریان داگیرکرد، ئەمڕۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتنەوە شەڕی میدیایی لەسەر ئەو رووداوە.

سەرەتا مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند "ئەمڕۆ یادی خەمی نیشتمانی و كارەساتی نەتەوەیی 31 ی ئابە كە شەڕی ناوخۆ و ناكۆكی سیاسی لە وڵاتەكامانی گەیاندە لوتكە و خیانەتێكی مێژوویی لێكەوتەوە، وەختێك سوپای بەعسی فاشی، لە ٣١-٨- ١٩٩٦هەولێری پایتەختی حوكمرانی كوردستانی داگیر كرد بە هاوكاری هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان".

یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە "دوای چەندین ناكۆكی و ناخۆشی شەڕی براكان ، گەلەكەمان و كەسوكاری شەهیدان و یەكێتی ئەم برینە قووڵەیان بە پێكەوەیی و ویستی یەكریزی كوردەواریی گۆڕییەوە و لاپەڕەی خەمناكی ناكۆكیان سپارد بە ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوە بەرەنگاری هەڕەشەكانی سەر میللەتەكەمان".

مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی وتویەتی "ئەمڕۆش هەمان ویست و پێویستی لە ئارادایە، كە هەڕەشەی سەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق بە كوردستانیشەوە وامان لێدەخوازێت بەرەی ناوخۆیی كوردستانی پتەو بكەین، بۆ ئەوەی پێكەوە هەموو لایەنەكانی كوردستان بپەرژێنە سەر ئەركەكانی قۆناغی داهاتوو، كە داكۆكییە لە مافەكانی گەلەكەمان لە عێراقێكی دیموكرات ، فیدراڵ و تەوافوقیدا".

لە بەرامبەریشدا دەزگای رۆشنبیری پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی یەكێتی داوەتەوە و نووسیویەتی "مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لەبارەی رووداوەكانی سی و یەكی ئابی 1996 ڕاگەیانراوێكی بڵاوكردووەتەوە بە بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆكارەكانی ئەم ڕووداوە بدات".

پارتی روونیكردۆتەوە "لێرەدا بە بیر هەموو لایەك دەهێنینەوە كە سی و یەكی ئاب دەرئەنجام و كاردانەوەی هێنانی بە لێشاوی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران بوو لە لایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە لە شەوی 16 لەسەر 17ی ئابی 1996 كە لە چەند قۆڵێكەوە پەلاماری خاكی كوردستانیان دا. سی و یەكی ئاب وەڵام بوو بۆ ئەو داگیركاری و پەلامارە و، بە كورتیەكەی (دفع الافسد بالفاسد) بوو كە ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ خەڵكی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و نیشتیمانیش وەك خۆی بە پارێزراوی مایەوە".

هەروەها وتویانە "لەگەڵ ئەوەشدا بەبیریان دەهێنینەوە، لوتكەی خیانەت ئەو كاتە بوو كە لە شازدەی ئۆكتۆبەری 2017 دا بە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری بەشێكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، نیوەی خاكی كوردستان بە كەركووكیشەوە تەسلیمی نەیارانی گەلی كوردستان كرا".



PM:05:48:31/08/2022