بۆردی پێشووی راوێژکاری شارەوانی سلێمانی بە سەرۆکەکەشیەوە توانا کەمال دەستگیرکراون

 بۆردی پێشووی راوێژکاری شارەوانی سلێمانی سەرجەمیان بە سەرۆکەکەشیانەوە، توانا کەمال لەسەر بەتاڵانبردنی زەویەکانی سلێمانی دەستگیرکراون، هەروەها چەند بەرپرسێکی دەرەوەی ئەم لیژنەیەش کە بەرپرسن لە شارەوانی دەستگیرکراون.

دەستگیرکراوەکان، هەریەک لە توانا کەمال سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی، ئاکۆ عەلی جێگری سەرۆکی شارەوانی، کۆردۆ کەمال یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی، ئەحمەد رەشید سکتێری ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی، نەورۆز لێپرسراوی هونەری، فواد لێپرسراوی یاسایی، کەمال یاریدەدری لێپرسراوی هونەری، ئاری عوسمان بەرپرسی بەشی تەجاوزات، رۆژان بەڕێوەبەری بەشی ماستەرپلان فەرمانبەری شارەوانییە، پرێس نیهاد کە ئەندازیارە و بەرپرسی مۆڵەت بووە، تەنها ئەم نیهادە هەفتەیەک زیندان بووەو دواتر بە کەفالەتی ( ٥ ملیۆن دینار ) ئازادکراوە.  

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی سپی کەوتووە ئەو گیراوانە لە زیندانی تاکەکە کەسیدان و تەنها لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لەگەڵ یەکدا رووبەڕوودەکرێنەوەو یەکتر دەبین. 

هەرچەندە توانا کەمال سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی ٢٤ ی ئاب لە روونکردنەوەیەکدا ئەو هەواڵانەی بە درۆخستەوە کە ئاماژەیان بۆ دەستگیرکردنی کردبوو، بەلآم بە پێی بە دواداچوونی " سپی" توانا کەمال دوای ئەو روونکردنەوەیە بەماوەیەک دەستگیرکراوە. 

دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسانەی شارەوانی سلێمانی دوای ئاشکرابوونی بەتاڵانبردنی دەیان هەزار زەوی سلێمانی دێت کە پەرلەمانتاران و میدیاکاران وروژاندیان، دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسانەش دەنگدانەوەی " پۆزەتیفی " لەناو خەڵکدا هەیە، بەلآم رای گشتی داوای دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی گەورەش دەکەن کە لەسەر و ئەمانەوەن لە حکومەت و حیزبدا.




PM:09:14:11/09/2022