مستەفا کازمی و سەرۆک کۆماری ئێران كۆبوونه‌وه‌

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نیویۆرک لەگەڵ سەرۆکی کۆماری ئێران کۆبوونەوە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی هاوكاری له‌ پێناو باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان دوپاتكرده‌وه‌.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری  ئێران کۆبووەوە و تیایدا باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوولا و پرسە ناوچەییەکان کرد". 

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە رۆڵی بەرچاوی عێراق كرا لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە، لە رێگەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتان لەسەر بنەمای سیاسەتی دیالۆگ و هێوربوونەوە، و یەكگرتنی بۆچوونەكان، بەمەبەستی بەدیهێنانی چارەسەری ئاشتیانە لە ناوچەكەدا.

لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی هاریكاری دوو قۆڵی نێوان هەردوولا كردووەتەوە لە بوارە جیاجیاكاندا، بە تایبەتی ئابووری، ئەمنی، كولتووری و وزە، هەروەها هەماهەنگی بەرز بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بوو". 

لای خۆشییەوە سەرۆک کۆماری ئێران پشتیوانی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی سەقامگیری عێراق دووپاتکردەوە و گشت هاوكارییه‌كیشی له‌ پێناو تێپه‌ڕینی ئه‌م بارودۆخه‌ سیاسییه‌ی عێراق بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ربڕیووه‌.


PM:12:39:21/09/2022