فەڕەنسا داوا لە هاوڵاتیانی دەكات ئێران جێبهێڵن


بەهۆی مەترسی دەستگیركردنی هەڕەمەكی و ئارەزوومەندانە لە ئێران، فەڕەنسا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد بەزووترین كات ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

وەزارەری دەرەوەی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "داوا لە هەموو هاوڵاتیانی فەڕەنسی دەكەین بەوانەشەوە كە خاوەنی دوو رەگەزنامەن بەهۆی مەترسی دەستگیركردنی هەڕەمەكی و ئارەزوومەندانە لە ئێران، بەزووترین كات ئێران جێبهێڵن".

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم مەترسییە ئەوانەش دەگرێتەوە كە بەمەبەستی گەشت سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن، باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تاران لە حاڵەتی دەستگیركردن یان دەستبەسەركردندا، مافە سەرەتاییەكان و ئاسایشی هاوڵاتییانی خۆی دەستەبەر ناكات".

راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دوای بڵاوكردنەوەی دیمەنی ئەو دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییە هات كە حكومەتی ئێران بڵاویكردەوە و لە مانگی ئایاردا لە ئێران دەستگیركراون و دانیان بەوەدا ناوە كاری سیخوڕیان كردووە.



PM:04:37:08/10/2022