پەکەکە ناوی ١٧ گەرێلا ئاشکرا دەکات کە بە چەکی " کیمیاوی" کوژراون


هێزەکانی پاراستنی گەل ( هەپەگە ) ناسنامەی ١٧ گەریلا ئاشکرا دەکات کە لە سێ مانگی رابردوودا بە چەکی کیمیاوی بوونەتە قوربانی و، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە شەش مانگدا سوپای تورکیا نزیکەی ٢ هەزار و پێنج سەد  جار هێرشی کیمایی ئەنجام داوە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بڵاوی کردەوە بەهۆی هێرشی سوپای تورکیا بە چەکی کیمیایی لە ناوچەکانی جودی لە هەرێمی کوردستان کە نزیکن لە سنورەکانی باکوری کوردستان ١٧ گەریلا گیانیان لەدەست داوە.

 هەپەگە داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە رێگریی لە تورکیا بکەن چەکی کیمیایی بەکار بهێنێت.

ماوەی نزیکەی ساڵێکە پەکەکە لە راگەیاندنەکانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تورکیا لە شەرەکانی سەرسنوری پارێزگای دهۆک چەکی کیمیاوی بەکاردەهێنێت، بەڵام تا ئێستا دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان نەبووەو، ناوەندی جیهانی سەربەخۆ لەبەر شەڕ نەیانتوانیووە بگەنە ئەو شوێنانە تا رای گشتی جیهانی لێ ئاگادار بکەنەوە.






PM:04:17:18/10/2022