هاوسەرۆکی هەدەپە داوای لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیماوی بەرامبەر گەرێلا دەکات


هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند،" بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن کە دەیسەلمێنن تورکیا چەکی کیمیایی لە "ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور” بەکارهێناوە". 

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند:”لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بڵاوبوونەوە، کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووردا چەکی کیمیایی بەکارهاتووە، ئەو دۆخە مەترسیدارە زیانە بە خەڵکی ئەو ناوچانە و وڵاتیش، پێش ئەوەی هەڵوەشاندنەوەیەکی گەورە دروستببێت، دەست لەم کارانە هەڵگرن، پێویستە شاندێکی سەربەخۆ بچن و لێکۆڵینەوە بکەن و ڕاستییەکان ئاشکرابکرێن”.

جەختیشیکردەوە:”چارەسەریی لە شەڕ و سیاسەت ‘پاراستنی ئاسایشدا‌ نییە، لە دیالۆگ و گفتوگۆدایە، بۆیە ئێمە دوێنێ وەک شاندێک داوای دیدارمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کرد، ئێمە داوا دەکەین داواکارییەکەمان قبوڵبکرێت و بچین لە زیندانی ئیمرالیی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیدار ئەنجامبدەین”.

پەروین بوڵدان جارێکی دیکە باسی لە شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمای ژنۆلۆژیی کرد لە شاری سلێمانی و ڕایگەیاند:”دەبێت ئەو ئەقڵییەتەی ناگیهانی تیرۆرکرد باش بزانێت؛ وەک چۆن ژنان نەیانهێشت تاڵە قژێکی ژینا ئەمینیی لەسەر زەوی بمێنێتەوە، پێنووسەکەی ناگیهانیش لەسەر زەویی نامێنێتەوە، ئەو پێنووسە هەقیقەت و تێکۆشانی ژنان دەنووسێتەوە”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاژانسی فورات چەند گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە، کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان چەکی کیمیایی  بەکارهێناوە. بەپێی ئاماری ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگەش، لە شەش مانگی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک دوو هەزار و ٤٧٦ جار ناوچەكانی بەرخۆدان و تونێلەكانی جەنگی بە بۆمبی قەدەغەكراوی (فسفۆڕ، تەرمۆباریك، ئەتۆمی تاكتیكی) و چەكی كیمیایی بۆردوومان كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ١٤ی نیسانی ئەمساڵەوە تا ١٤ی تشرینی یەکەم، ٤٤ گەریلا بە چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک شەهیدبوون.

ئەمو میدیایە ئاشکرای دەکات، ڕۆژانی ٢٠ بۆ ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢یش شاندێكی یەكێتیی پزیشكانی نێودەوڵەتیی دژی شەڕی ئەتۆمی (ئای پی پی ئێن دەبلیۆ) بۆ لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە سەردانی باشووری كوردستانیان كرد، بەڵام لەلایەن پەدەکەوە ڕێگرییان لێکرا سەردانی ناوچەكانی شەڕ بکەن چاوپێكەوتن لەگەڵ قوربانییانی چەكی كیمیایی ئەنجامبدەن.

دواتر شاندەكە ڕاپۆرتێکیان لەبارەی سەردانەكەیان بۆ باشووری كوردستان بڵاوکردەوە و د.بیپ ساڤاری، سەرۆكی لقی سویسرای یەكێتی پزیشكانی نێودەوڵەتیی دژی شەڕی ئەتۆمیی و د.جۆن ڤان ئەكین، چاودێری پێشوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە چەكی بیۆلۆژی لە ڕاپۆرتەكەدا ڕایانگەیاندووە، بەڵگەی بەهێز هەیە كە دەوڵەتی تورك تاوانی بەکارهێنانی چەكی كیمیایی ئەنجامداوە و داوایان لە ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی (OPCW) كرد، دەست بە لێپرسینەوە بكات.



AM:12:32:22/10/2022