دەمیرتاش وەڵامی سەرۆک کۆماری تورکیا دەداتەوە

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وەڵامی سەرۆک کۆماری تورکیا دەداتەوە و دەڵێت" ئەگەر جارێکی دیکە سەردانی ئامەدت کرد، پرسیار لە خەڵک بکە و بڵێ کێ دزە؟". 

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی ئاڕاستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە و دەڵێت" ئەگەر تۆ جارێکی کە سەردانی ئامەدت کرد، پرسیاری (کێ دزە) ئاراستەی خەڵکی ئەو شارە بکە، با وەڵامت بدەنەوە". 

دەمیرتاش لە تویتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە" خوشک و براکانم لە ئامەد ئاگادار دەکەم، ئەگەر چوونە هەر کۆبونەوەیەکی جەماوەری ئەردۆغان، کەلوپەلە بەنرخەکانتان لەگەڵ خۆتان مەبەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەیە لێتان بدزرێت". 

پەیامەکەی دەمیرتاش لە کاتێکدایە، دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گه‌یشته‌ شاری دیاربه‌كر و وتارێكی پێشكه‌ش كرد، کە لە وتارەکەیدا هێرشی کردە سەر سەڵاحەدین دەمیرتاش و ڕایگەیاند" ئەو کەسەی کە ئێستا بەندیخانەی ئیدرنەیە، هیچ پەیوەندی بە کوردەوە نیە و ئەو کورد نیە". 


PM:10:51:24/10/2022