یەكەم لێدوانی شاسوار عەبدولواحید لەسەر كازم فاروق


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ یەكەمجار لەسەر نەخۆشكەوتنی كازم فاروق هاتە دەنگ و دەڵێت "بزانم لە هەر نەخۆشخانەیەكە لە ماوەی 24 كاتژمێردا سەردانی دەكەم".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانید ڕایگەیاند، "ئەو دۆخەی كە دەوترێت د. كازمی تێدایە دروستكراوە بۆ بیربردنەوەی قەیرانەكانە لەڕێگەی چەند پەرلەمانتارێكەوە كە خۆیان بە ئیسلامی و سەربەخۆ دەناسێنن، بەڵام لەژێرەوە سەربە دەزگا ئەمنییەكانی پارتی و یەكێتین."   

وتیشی، "د. كازم لە ٢٢-٣-٢٠٢٢ لە فڕۆكەخانەی بەغداوە گەشتی كردووە بۆ بەریتانیا و لەئێستادا لەگەڵ خێزانەكەی لەوێ نیشتەجێیە و هیچ كێشەیەكی تەندروستیی نییە."   

ئاماژەی بەوەشكرد، "سەبارەت بەو نەخۆشییەی كە لە سەرەتاوە باس كراوە، وەك جوڵانەوەكە قسەمان لەگەڵ كردووە و سەردانمان كردووە و هەواڵمان پرسیوە و ئامادەیی هەموو هاوكارییەكمان دەربڕیوە بۆی."   

  

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشكرد، "چەندین جار داوامان لە د. كازم كردووە كە مووچەی پەرلەمانتاری وەرنەگرێت، چونكە ئەو دەوامی نەكردووە، بەڵام ئەو تا ئێستاش وەریدەگرێت."   






PM:06:16:29/10/2022