وەزارەتی سامانە سروشتییەکان له‌باره‌ى دابه‌شكردنى نه‌وتى سپی ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم له‌باره‌ى دابه‌شكردنى نه‌وتى سپی ماڵان ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت" دوای ناوچە شاخاوییەکان، دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شارەکان دەستپێدەکات". 

فەلاح سەید مەولود ئيسماعيل بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" دوای تەواوبوونی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکردن لە دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دەستپێدەکات".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر ٥ ملیۆن و ٨٠٢ هەزار لیتر وەرگیراوە و ٢ ملیۆن و ٦٨٠ هەزار و ٢٠٠ لیتر دابەشكراوە و ١٣ هەزار و ٤٠١ خێزان سوودمەند بووە، هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆك  ٨ ملیۆن و ١٧٠ هەزار و ٧٥٩ لیتر وەرگیراوە و ٣ ملیۆن و ٨٢٤ هەزار لیتر دابەشكراوە و ١٩ هەزار و ١٢٠ خێزان سوودمەند بووە.
 
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ناوچە شاخاویەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ب.نەوت و کانزاکانی گەرمیان بڕی ٢٤٢ هەزار لیتر دابەشكراوە و ، ١ هەزار و ٢١٠ خێزان سوودمەند بووە.
 
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی ٨ ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە ئەمبارەكانی ب.نەوت و کانزاکانی سلێمانی خەزن کراوە و لێژنەکان ئامادەن بۆ دابەشكردن، بەڵام یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی نەیانتوانیوە ئەو بڕە نەوتە كە لەكۆگاكاندا هەیە بەسەر ھاوڵاتیانی ناوچە شاخاوییەکان دابەشی بكەن".


PM:12:53:02/11/2022