لێدوانی نوێی خامنەیی سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئێران


رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنێت "دوژمن پلانی بۆ تاران و شارە بچووكەكانی دیكەی وڵاتەكە داناوە".
 
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارێكدا رایگەیاند "راپۆرتی ئاژانسە هەواڵگرییەكانمان ئەوە نیشان دەدەن، دوژمن پلانی بۆ تاران و شارە بچووكەكانی دیكەی وڵاتەكە داناوە".
 
خامنەیی ئاماژەی بەوەشكرد "لە نێو ئاڵۆزییەكانی پێكدادانی چەند هەفتەی رابردوودا، ئەمریكا، رژێمی زایۆنی و چەند هێزێكی ئەوروپی و چەند گرووپێكی دیكە بە هەموو توانایانەوە هەوڵیانداوە لە ئێرانییەكان بدەن".
 
وتەكانی خامنەیی لە كاتێكدایە خۆپێشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران پێی ناوەتە هەفتەی شەشەمیەوە كە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، كچە كوردی تەمەن 22 ساڵی دانیشتووی شاری سەقز دروستبوون.



PM:11:47:02/11/2022