هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پارتی نەتوانرا ئەنجامبدرێت و دواکەوت بۆ بەیانی

هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پارتی نەتوانرا ئەنجامبدرێت و دواکەوت بۆ بەیانی رۆژی شەممە ٥ ی تشرینی دووەم.

هەرچەندە بڕیاربوو کاتژمێر ٦ هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی کە ٥١ ئەندامە و ١٠ ئەندامیان بە تەزکیەی سەرۆکی حیزبەکە هەڵبژێردراونەتەوە، دەستپێبکات، بەلآم سەرەتا سێ کاتژمێر دواخرا، دواتر نزیک کاتژمێر ١٠ پرۆسەی هەڵبژاردن دەستیپێکردو دوای چەند دەنگدانێکی کەمی ئەندامانی کۆنگرە کە مەسعود بارزانیش یەکێکیان بوو، جارێکی تر دەنگدان راگیرایەوە.

ئەندامانی کۆنگرە کە لە میدیاکانی نزیک پارتیەوە کە تاکە میدیان رێگایان پێدراوە لەدەرەوەی هۆڵی کۆنگرە رووماڵی کۆنگرە بکەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەهۆی کەموکورتی تەکنیکیەوە دەنگدان جارێکی تر راوەساتەوەو خراوەتە بەیانی شەممە.

تا ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە کە دەنگدانی بەیانی شەممە ئەلکترۆنی دەبێت، یان پارتی دەگەڕێتەوە بۆ دەنگدانی ئاسایی و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست.

کۆنگرەی ١٤ پارتی ٣ ی تشرینی دووەمی لە دهۆک بە بەشداری نزیکەی هەزار ئەندام دەستیپێکرد و بڕیار بوو سێ رۆژ بەردەوامبێت، گەر ئەمشەو دەنگدانی ئەلکترۆنی بێ کێشە بەڕێوەبچوایە کۆنگرە بە دوو رۆژ تەواو دەبوو، بەلآم بەهۆی کەموکورتی تەکنیکیەوە دوا کەوت بۆ سبەی.

کۆنگرەی ١٤ پارتی کۆنگرەیەکی داخراو دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوە دەچێت.  



PM:10:44:04/11/2022