حەلبوسی پێشبینی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکانی عێراق دەکات

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" دەبێت حکومەتی نوێ دۆخی خزمەتگوزارییەکان و ئابوری وڵات باشتر بکات بۆ ئەوەی سەقامگیری لە وڵاتدا هەبێت، بە پێچەوانەوە رەنگە خۆپیشاندانەکان لە عێراق سەرهەڵبدەنەوە". 

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی، ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بەڕێوەچوو ڕایگەیاند" میکانیزم و پاڵنەرەکانی بڕیاردانی سیاسی لە جیهانی ئێمەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بنەڕەتدا جیاوازن لە جیهانی ڕۆژئاوا، بە هۆی پێگەی ستراتیژی و جیۆسیاسیانەی عێراق، بەردەوام رووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتی هەمەجۆر بووینەتەوە و هەمیشە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتە گەورەکاندا بووە".

وتیشی" پێویستیمان بە دیپلۆماسییەکی هۆشیارانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان هەیە و دەبێت هەوڵبدەین بە زووترین کات لەو بەربەستانە رزگارمان بێت". 

حەلبوسی ئاماژەی بەوەشکرد، جیهانی ئەمڕۆمان لەگەڵ هێزی هەڵکشان و لێشاودا گەشە دەکات و دەگۆڕێت، ئەمە جگە لە گۆڕاوە ناوخۆییەکانی هەر وڵاتێک، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە ناوچەییانەی کە پێویستە وڵاتان سیاسەتی نوێ پەیڕەو بکەن کە لەگەڵ ئێستادا بگونجێت. 

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، گرنگی بە ئازادی رادەربڕین بدرێت، کۆمەڵگە لەناو پرۆسەدا بەشداری پێبکرێت و باردودۆخی ژیانی هاووڵاتیان باشتر بکرێت، چونکە ئەگەر ئەمانە نەکرێن، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەرهەڵدەداتەوە. 


AM:11:07:17/11/2022