توركیا ئەنجامی هێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوا و هەرێم ئاشكراكرد

وەزارەتی بەرگری توركیا ڕایدەگەیەنێت "لەیەكەم رۆژی ئۆپراسیۆنەكەیاندا لە رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان، 89 ئامانجیان خاپوركردووە، ئەمەش لە كاردانەوەی تەقینەوەكەی هەفتەیەك لەمەوبەری ئەستەنبوڵ كە بووە هۆی كوژرانی شەش كەس".  

وەزارەتی بەرگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە "هێرشەكان بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی كردووەتە ئامانج".  

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "حكومەتی توركیا گروپە كوردەكانی بە بەرپرسیار زانی لە تەقینەوەكەی 13ی ئەم مانگەی ئەستەنبوڵ كە بەهۆیەوە 6 كەس كوژران و زیاتر لە 80 كەسیش برینداربوون، هیچ كەس بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكە ڕانەگەیاند و پەكەكە و یەپەگەش رەتیانكردەوە ئەوان ئەنجامیان دابێت".  

بەرگری توركیا ئاماژەی بەوەكردووە "لە هێرشەكاندا 89 ئامانج لەناوبراون، لەوانە پەناگە و تونێل و كۆگای تەقەمەنی".  

  



PM:10:24:20/11/2022