لە ئاسایشی سلێمانی خوێندکارە دەستگیرکراوەکان ئازاد دەکرێن


دوای سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆکانی سلێمانی بۆ لای ئاسایشی سلێمانی، بڕیاردرا خوێندکارە خۆپیشاندەرەکانی لەو دەزگایە دەستگیرکرابوون، ئازاد بکرێن.

لە راگەیەندراوێکی زانکۆی سلێمانی دا ئاماژە بەوە کراوە" لەئەمڕۆوە بەپێی رێكارە یاساییەكان دەست بەئازادكردنی ئەو خوێندكارانە بكرێت". 

دەقی راگەیەنراوەکە:  
  
بەهەوڵی سەرۆكانی زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پۆلیتەكنیك خوێندكارە دەستگیركراوەكانی زانكۆ ئازاد دەكرێن  
  
ئەمڕۆسێشەممە 22/11/2022، سەرۆكی هەردوو زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆو ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆكان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیان كردو لەلایەن بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانییەوە پێشوازیكران، ئامانج لەسەردانەكەش بەدواداچوون بوو بۆ كەیسی ئەو خوێندكارانەی دەستگیركراون و هەوڵدان بوو بۆ ئازادكردنیان.  
  
لەسەردانەكەدا سەرۆكی هەردوو زانكۆ بەپاڵپشتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، داوایان لە ئاسایشی سلێمانی كرد خوێندكارانی دەستگیركراو ئازادبكرێن، چونكە ئەو خوێندكارانە بەكەسوكاری خۆیان دەزانن و هەرئەوانیش خاوەنی داوای رەوای خوێندكارانن و نایانەوێت لەپرۆسەی خوێندن و زانست دوابكەون، لەبەرامبەریشدا بەسوپاسەوە جێگری سەرۆكی حكومەت پاڵپشتی تەواوی بۆ هەردوو سەرۆكی زانكۆی راگەیاندو لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد لەئەمڕۆوە بەپێی رێكارە یاساییەكان دەست بەئازادكردنی ئەو خوێندكارانە بكرێت.  



PM:06:04:22/11/2022