سێرجیۆ ڕامۆسی ئیسپانی بەرگریکاری یانەی پاریس سانجێرمان دوگمەی هەڵبژاردەی ئیسپانیای ڕاکێشا، دوای ئەوەی لە قۆناغی ١٦ ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە هاوتا مەغریبیەکەی دۆڕا، بە لێدانی سزا (3-0)، دوای کۆتایی هاتنی کاتی ئەسڵی و زیادکراو بە یەکسانبوونێکی بێ گۆڵ، لە قۆناغی شانزەدا ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
ڕامۆس لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک وێنەیەکی کۆنی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: ئەمڕۆ زیاتر لە جاران شانازی بە ئاڵاکەمانەوە دەکەین، شانازی بە وڵاتەکەمانەوە دەکەین و شانازی بە یاریزانەکانمانەوە دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسپانیا نادۆڕێت، ئیسپانیا فێردەبێت، ئیسپانیا دەکەوێتە خوارەوە، تووشی کۆسپ دەبێت، بەڵام هەڵدەستێت و بەردەوام دەبێت لە پێشەنگایەتیکردن.
لە کۆتاییدا وتی: "ئێمە دەگەڕێینەوە و بەهێزتر دەگەڕێینەوە، وەرە ئیسپانیا".
ڕامۆس بانگهێشت نەکرا بۆ بەشداریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە جامی جیهانی قەتەر، سەرەڕای ئامادەیی و بەشداریکردنی بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ تیپەکەی کە پاریس سانجێرمان بوو.
ڕامۆس ئەندامی نەوەی مێژوویی هەڵبژاردەی ئیسپانیایە، کە دوو پاڵەوانێتی ئەوروپا لەسەریەک (2008 و 2012) بەدەستهێناوە، لەنێویاندا نازناوی مۆندیالی 2010.