وەزارەتی داد روونكردنەوە لەسەر هەڵكوتانە سەر تۆماری خانووبەرەی چەمچەماڵ دەدات


وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، 50 كەس هەڵیانكوتاوەتەسەر بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرەی چەمچەماڵ و  داوایان كردووە 350 بۆ 400 دۆسیەیان رادەست بكرێت، بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێكی فەرمییان پێبێت.
 
وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە، رۆژی سێشەممە هێزێكی نزیكەی 50 كەسی هەڵیانكوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و داوایان لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكە كرد كەوا هەموو دۆسیەكانی ناوچەی (قادركەرەم) كە نزیكەی (350 تا 400) دۆسیەیە رادەستیان بكات بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێكی فەرمییان لەلایەن دادگە یان لایەنێكی فەرمی رێگەپیدراو پێبێت.
 
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوبراو گوێڕایەڵی داواكارییەكەیان نەبوو، هەڵساون بە شكاندنی قوفڵی ژووری دۆسییەكان و سەرجەم دۆسییەكانی موڵكەكانی (قادركەرەم)یان بە دۆڵابەوە برد، هەروەها دیسكی كامێرای بەڕێوەبەرایەتیی ئاماژەپێكراویان بردووە.
 
‎وەزارەتی داد وتویەتی "ئەو كارە شكاندنی سەروەریی یاسا و زێدەڕۆیی لەسەر هەیبەتی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و پێشێلكردنێكی زەقە لەسەر بەڵگەنامە و دۆكیۆمێنتی خاوەندارێتی هاووڵاتییانی ناوچەكە، بۆیە بە توندترین شێوە سەركۆنەی ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانگەكانی حكومەت دەكەین كە پێچەوانەی یاسا و بەرژەوەندیی گشتییە."



PM:02:30:08/12/2022