رەئیسی هەڕەشەی نوێ لە خۆپیشاندەران دەکات


ئەمڕۆ هەینی، سەرۆک کۆماری ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە هێزە ئەمنییەکان ( دەکوژن ) و بە "ئاژاوەگێڕ" وەسفی کردن، ئەم لێدوانە نوێیە دوای ئەو خۆپیشاندانە زۆرانەوە دێت کە لەرووداوی کوشتنی ژینا ئەمنییەوە لە مانگی ئەیلولەوە لەو وڵاتە بەردەوامە.

وەک ئاژانسی ( تەسنیم ) بڵاویکردەوە، رەئیسی جەختی لەسەر سزادانی توندی ئەو کەسانە کردۆتەوە و بە ئاژاوەگێڕ خۆپیشاندەرانی ناوزەد کردووە.
 
ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە کە دوو رۆژە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی بە لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران کردووەو دوێنێ هاوڵاتیەکی فارسی و ئەمرۆش هاوڵاتییەکی کوردی لە سێدارەدا.

لە دوێنێشەوە لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی و رایی گشتی جیهانییەوە بە توندی ئەو کاری لە سێدارەدانانە سەرکۆنە دەکرێت و، رێکخراوەکانیش نایشارنەوە کە مەترسی زیادبوونی لە سێدارەدان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت.

تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ هاوڵاتی ئێرانی بە هەموو نەتەوەکانەوە لە خۆپیشاندانەکاندا لە مانگی ئەیلولەوە بوونەتە قوربانی.



PM:03:18:09/12/2022