لێدوانی ئەمەریكا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكانیان دژی داعش


پاتریك ڕیدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایدەگەیەنێت "دەورییە هاوبەشەكانی نێوان هاوپەیمانان و هەسەدە  دەستی پێكردۆتەوە كە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیاوە راگیرابوون".

پاتریك ڕیدەر لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیان لەگەڵ هەسەدە، دژی داعش دەستی پێكردۆتەوە و وتی "هێزەكانی ئەمریكا بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە، راستەوخۆ رووبەرووی مەترسی ببوونەوە، بەڵام دۆخەكە ئاساییە و لە ئێستادا هیچ مەترسیەكی دیكە لەسەر هێزەكانیان دروست نەبووە".

سەبارەت بەوەی ئایا توركیا سوورە لەسەر هێرشی زەمینی بۆ سەر باكوری سوریا، ڕیدەر روونیكردەوە "نامەوێت لەبری توركیا قسە بكەم، بەڵام بەناوی ئەمریكاوە دەڵێم كە لەگەڵ هەسەدە چالاكیەكانمان بە تەواوی دەست پێكردووەتەوە و دەوریەكانمان پێكەوە لە نۆی مانگەوە ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەین".




PM:12:08:14/12/2022