ئەمڕۆ شەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ یادی ساڵانەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە چەندین چالاكی و بۆنەی تایبەت بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ لە بەشێک لە دامودەزگاکاندا ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە چەند مەراسیمێکدا کرایەوە، یادی ساڵانەی ئاڵای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥، بەرامبەر ٢٦ ی سەرماوەزی ٢٦٤٥ی هەتاوی، لە مەراسمێكدا بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەمەد و شۆڕشگێڕانی پارچەكانی دیكەی كوردستان ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری مەھاباد بە رەسمی هەڵكرا.
لەساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا کە ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی ئاڵا دیاری بکرێت و لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاکانی سەر دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بکرێنەوە.
ئەم ئاڵایە هاوشانی سیمبۆل و هێما نەتەوەییەکانی دیکە وەک، سروودی نەتەوەی ئەی ڕەقیب، پێشمەرگە، ئاڵا بە ڕەمزی هەرمانی نەتەوەی کورد دەژمێردرێت و لەلای زۆربەی هێز و پارتە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ئاڵایە بە فەرمی ناسراوە لە بۆنە فەرمییەکاندا هەڵ دەکرێت.