لە رووماڵكردنی بابەتێك هۆشداری بە میدیاكان دەدرێت


داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەكاتی رووداوی تاوانی كوشتن چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراو تاوانە و كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر رای گشتی هەیە.

ئەمڕۆ سەرۆكایەتی داواكاری گشتی له ‌نووسراوێكدا داوای لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كرد سەرجەم میدیا بینراو و بیستراوەكان ئاگادار بكاتەوە لە كاتی رووماڵكردنی هەر رووداوێك رەچاوی رێنمایی و یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان بكەن.
 
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لەو نووسراوەدا هۆكاری ئەم داواكارییەی بۆ رووداوەكانی وەك تاوانی كوشتن دەگەڕێنێتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە "لەگەڵ ئەوەی كە دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەن‌ لەبارەی رووداوەكان بە تایبەتی تاوانی كوشتن، زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن بەبێ رەچاوكردنی ئیتیكی كاری میدیایی و بەپێچەوانەی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی رووماڵكردنی رووداوەكانن و زانیاریی بێبنەما و ناڕاست بڵاودەكەنەوە و لێكدانەوەی نایاسایی و نادروست بۆ رووداوەكان دەكەن و چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراو دەكەن، ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی هاوڵاتیان دروست دەكات".



PM:06:32:20/12/2022