لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران دەکات

رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ یان لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وێڕای ئیدانەکردنی سزای لە سێدارەدانی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەكان لە ئێران، سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی (محەمەد مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی) بە "مەترسییدار" وەسف دەکات، كە ڕۆژی ٥ی مانگە لە سێدارەدران. 

هەروەها ڕێکخراوەکە لەبارەی مەترسی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی (محەمەد قوبادلوو) کە لە دەستگیرکراوانی سەرهەڵدانەکانی خۆپیشاندانەکانی کەرەجە هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدات و داوا دەکات دەستبەجێ سزای لە سێدارەدان بەسەر دەستگیرکراوانی سەرهەڵدانەکانی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕابگرێت.


AM:12:01:13/01/2023