بەریتانیا بەشێوەیەکی کاتی باڵیۆزی خۆی لە ئێران دەکشێنێتەوە

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت" دوای لە سێدارەدانی عەلی ڕەزا ئەکبەری وڵاتەکەی بەشێوەیەکی کاتی باڵیۆزەکەی لە ئێران دەکشێنێتەوە".

جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، له‌باره‌ی له‌ سێداره‌دانی عەلی رەزا ئەکبەری له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند" وڵاتەکەی بەشێوەیەکی کاتی باڵیۆزەکەی لە ئێران دەکشێنێتەوە، گرنگە بزانین مەرج نییە وەڵامدانەوەمان تەنیا لەو ڕێوشوێنانەدا سنووردار بێت کە ئەمڕۆ ڕامگەیاند، من بە ڕوونی بڕیار دەدەم، بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوکارەکانم لە حکومەت، کە ڕەنگە چ ڕێوشوێنێکی دیکە هەڵبژێرین". 

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی باڵیۆزی ئێرانیان لەو شارە بانگهێشتکردووە و داوای روونکردنەوەیان لێکردووە، هەروەها بەریتانیا سزای بەسەر داواکاری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندووە. 

بەرەبەیانی دوێنێ تاران سزای لە سێدارەدانی لە دژی عەلی ڕەزا ئەکبەری جێبەجێ کرد کە پێشتر وەک جێگری وەزیری بەرگری ئێران بوو، کە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا" دەستگیرکرابوو. 


AM:09:07:15/01/2023