لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا داواكاری هاوڵاتیانی پێنجوێن جێبەجێ دەکرێت

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" بە بڕیاری وەزیری کارەبای هەرێم لە ئەمڕۆوە کارەبای قەزای پێنجوێن چاکدەکرێت". 

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ڕاگەیەندراوێکدا بۆ خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی پێنجوێن رایگه‌یاند" بە بڕیاری وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوای هەوڵدانی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی و قائمقامیەتی قەزای پێنجوێن و پارێزگاری سلێمانی بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە، لە ئەمڕۆوە کارەبای قەزاکە چاکدەکرێت و بە پشتیوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاوڵاتیان سیستمی زیرەک بۆ زامنکردنی کارەبای هاوڵاتیان دادەنرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لەسەر داوای خەڵکی پێنجوێن پشکی کارەبای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە ئەمڕۆوە لە پشکی کارەبای پێنجوێن جیادەکرێتەوە.

دەشڵێت" وەک پارێزگای سلێمانی، لە ئاستی حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ دابینکردنی نەوت بۆ هاووڵاتیانی سنوری پارێزگاکەمان".


AM:10:58:15/01/2023