بارزانی لەبەردەم مەکۆرگدا:
پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ برێت مەکگۆرک، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا رایگەیاندووە" پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت".

بەپێی راگەیاندنێک کە لە نووسینگەی سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانییەوە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ برێت مەکگۆرک، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقاو وەفدە یاوەرەکەی، بڵاوکراوەتەوە، هاتووە" پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت".

بەپێی راگەیاندنەکە ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، بایەخی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە.

لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو چاکسازی لەو بوارەدا، لە راگەیەندنەکەدا هاتووە" بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی ئەو چاكسازییانە دووپات كردەوە".

وەفدی ئەمەریکا لەگەڵ مەکگۆرکدا هەریەک لە ئامۆس هۆكشتین ڕێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و خاتوو ئالینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بەشداربوون.



PM:02:18:17/01/2023