کەنەکە لەبارەی بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لەلایەن ئەڵمانیاوە هەڵوێستی ڕاگەیاند

کەنەکە لەبارەی بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان بڕیارێكی گرنگە". 

دەستەی بەڕێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان - كەنەكە لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ ناساندنی جینۆسایدی خەڵكی ئێزدی بڕیارێكی ئەرێنییە، بەڵام بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانیان و سارێژكردنی برینەكانییان بەس نییە". 

لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە" داواكاری و چاوەڕوانییەكانی كەنەكە بە پلەی یەكەم لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و هەموو ئەو دەوڵەتانە، كە ئەوەی بەسەر خەڵكی ئێزدی هاتووە بە جینۆسایدیان ناساندوە، ئەوەیە، كە پێویستی بە هەندێك بڕیار هەیە بۆ ئەوەی ئەم چەشنە جینۆسایدە بە سەر خەڵكی ئێزدیمان دووبارە نەبێتەوە و سەلامەتی ئەو خەڵكە مسۆگەر بكرێت". 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بە جینۆساید ناساندی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لە لایەن پەرلەمانی فیدرالی ئەڵمانیا بڕیارێكی گرنگە

هاوكات لەگەڵ پارلەمانی یەكێتی ئەوروپا و دە دەوڵەت، پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیاش، كۆمەڵكوژیی دژی خەڵكی ئێزیدیمان لە ساڵی ٢٠١٤ بە جینۆساید قبوڵ كرد. كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ئەم بڕیارە بە گرنگ دەزانێت.

لە ساڵی ٢٠١٤ خەڵكی ئێزدیمان تووشی هێرشێك بوو لەلایەن داعش و هەندێك لە هاوكارەكانیەوە، كە ئامانج لێی كۆمەڵكۆژكردن و لەناوبردنی ئێزدییەكان بوو. بێگومان داعش بە تەنیا ئەو كارەی نەكردووە، بەڵكو بە هاوكاری هەندێك دەوڵەتی هەرێمی ئەنجامیدا.

بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ ناساندنی جینۆسایدی خەڵكی ئێزدی بڕیارێكی ئەرێنییە، بەڵام بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی خەڵكی ئێزدییمان و سارێژكردنی برینەكانییان بەس نییە.

داواكاری و چاوەڕوانییەكانی كەنەكە بە پلەی یەكەم لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و هەموو ئەو دەوڵەتانە، كە ئەوەی بەسەر خەڵكی ئێزدی هاتووە بە جینۆسایدیان ناساندوە، ئەوەیە كە پێویستی بە هەندێك بڕیار هەیە بۆ ئەوەی ئەم چەشنە جینۆسایدە بە سەر خەڵكی ئێزدیمان دووبارە نەبێتەوە و سەلامەتی ئەو خەڵكە مسۆگەر بكرێت.

كەنەكە بە پیویست دەزانێت، كە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەرپرسیارێتی خۆیان بە جێ بینن و بە پێی پرەنسیپەكانی چارەسەركردنی كێشەی ئەو خەڵكەی كە بەدەست جینۆسایدەوە دەناڵێنن هەڵوێستیان هەبێت.

–   دەستەبەركردنی سەلامەتی خەڵكی ئێزدی لە شەنگال و ئەو كەسانە كە لەوێ نیشتەجێن.

–  قبوڵكردنی ئیرادەی خەڵكی ئێزدی و دانپێدان بە پێگەیەكی فەرمی بۆ ناوچەی شەنگال.

–  دادگاییكردنی داعش و ئەو هێزانەی دەستیان لە جینۆسایدەدا هەیە.

–  پێویستە خەڵكی ئێزیدی لە شەنگال، لە هێرشەكان بپارێزرێن، بە تایبەت ئەو هێرشانە كە لە لایەن توركیاوە ئەنجام دەدرێن.

–  دەستپێكردنی پروژەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال، بەسەرپەرەشتی خەڵكی ناوچەكە.

–  ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەڕانەوەی خەڵكی ئێزیدی بۆ شوێنی خۆیان.


AM:11:08:23/01/2023