قوباد تاڵەبانی لە بەغداوە داوای رێککەوتنێکی گشتگیر دەکات


قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ سودانی سەرۆک وەزیران و سەرکردە عێراقییەکان کۆدەبێتەوەو لەوێوە داوای رێککەوتنێکی گشتگیر دەکات.

لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سودانی سەرۆک وەزیر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ( ماوە بۆ درێژکراو ) رایدەگەیەنێت" یەکەم بژاردە و کۆتا بژاردەی بەردەم هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەنە کە بەپێی دەستور و لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییانی عێراق و کوردستاندا بێت".

لە درێژەی راگەیاندنەکەیدا دەشڵێت " هەموو خەڵکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە داوای خزمەتگوزاریی و خۆشگوزەرانیی دەکەن. رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد زەمینەیەکی لەبار دروست دەکات تا هەردوولا پێکەوە کاربکەین بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان."

لەبارەی ناوەرۆكی ئەو كۆبوونەوانەش دەڵێت، "جەختمان کردەوە دەبێت گفتوگۆکانمان چڕبکەینەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بە تایبەت لەسەر هەردوو پرسی بودجە و یاسای نەوت و گاز رێکبکەوین. چیتر دواکەوتنی رێککەوتن لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە”.

ئەو وادەخوازێت، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بگەنە ئاستێکی زۆر باش، گەشبینی خۆیشی نیشاندەدات بەوەی لەگەڵ ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر بکەن.



PM:10:04:30/01/2023