"تورکیا ڕێگا نادات میدیا کوردییەکان و یارمەتییەکان بگاتە عەفرین"

ڕوانگەی عەفرین بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت" تورکیا هاتنی میدیا کوردییەکان و یارمەتییە هاوکارییەکانی لە عەفرین قەدەغە کردووە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوانگەی عەفرین بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە" دەوڵەتی تورکیا هاتنی میدیا کوردییەکانی بۆ ناوچەکانی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان قەدەغە کردووە، لەوانەش کەناڵی ڕووداو و کوردستان ٢٤". 

لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە" تا ئێستاش حکومەتی تورکیا ڕێگری دەکات لە هاتنی ئامبولانس و هاوکاری فریاگوزاری لە خاکەکەیەوە بۆ قەزای جەندەرێس و سەرجەم دەروازە سنوورییەکانیش بە فەرمانی حکومەتی تورکیا داخراون". 

ڕوانگەی سووری لە بەیاننامەکەدا ئاشکراشیکردووە" لە لایەن هەندێک لە چالاکوانانی کوردەوە بڵاوکرایەوە کە (٥٠٠) ئۆتۆمبێلی قورس (بارهەڵگر) لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە بەرەو ناحیەی جەندەرێس بەڕێدەکەون بۆ لابردنی داروپەردوو و ڕزگارکردنی لێقەوماوان، لە بەرامبەردا ئێمە ئەم هەواڵە بێ بنەمایە ڕەت دەکەینەوە". 

دەشڵێت" پێداویستیەکانی مانگی سووری کوردی کە بریتین لە ئامبولانس، فریاگوزاری و هاوکاری پزیشکی و ئامادەن، بەڵام تەنها چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی تورکیان بۆ چوونە ژوورەوەی ڕێکخراوەکان بۆ ناو شاری عەفرین". 

بەپێی ئامارەکان تائێستا لە جەندریسی عەفرین (٥٨٠) کەس گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی بومەلەرزەکەشەوە دوو هەزار و ٨٠٠ خێزان زیانیان بەرکەوتووە و (٢٢٠) باڵەخانەش ڕووخاون. 


AM:10:47:09/02/2023