نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی دیاری کورد کۆچی دوایی کرد

ژنە نووسەر و رۆژنامەنوسی دێرینی کورد، سەرفراز نەقشبەندی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. 

دوێنێ هەینی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ و ئافرەتان سەرفراز نەقشبەندی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی (٧٢) ساڵیدا لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. 

سەرفراز عەلی نەقشبەندی ساڵی (١٩٥١) لە شارۆچکەی بامەڕنێی سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک لە دایکبووە، هەموو قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەی لە شاری دهۆك تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٨١ کۆلێژی گارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، وەکو مامۆستا و فەرمانبەر لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کاری کردووە.

ناوبراو ساڵی ١٩٩٦ ڕووی لە هەندەران کردووە، لە ساڵی ١٩٩٨ بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری ڕۆژنامەوانی لە وڵاتی لوبنان بەدەستهێناوە، دواتر لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێبووە. 

سەرفراز یەکەمین ئافرەتی کورد بوو لە هەرێمی کوردستان کە خاوەنی (ئیمتیاز و سەرنووسەری) ڕۆژنامە بووە و مامۆستای پەروەردە و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ و ئافرەتان بووە کە نزیکەی (٥٠) ساڵ خزمەتی نوسین و رۆژنامەگەری کوردی کردووە.


AM:09:18:11/02/2023