پڕۆسەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا دەست پێدەكات


بڕیارە لە مانگی داهاتوودا پرۆسەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ماستەر و دكتۆرا دەست پێبكات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ  بەسەرپەرشتی د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبونەوەیەكی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی پلانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا و دبلۆمی باڵا بەڕێوەچو و بڕیاردرا لە مانگی سێی ئەمساڵ پرۆسەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا دەست پێبكات.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بەوپەڕی لێپرسراویەتییەوە لە ڕابردوو و داهاتودا كاردەكەین بۆ چەسپاندنی بنەماكانی دادپەروەری و یەكسانی و شەفافەیەت لە پرۆسەی خوێندنی باڵادا، بەشێوەیەك بتوانین دەستەبەری ڕەخساندنی زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ پێشكەشكاران بڕەخسێنین".

وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیكردۆتەوە، دوای تەواوبونی ئامادەكارییەكان لە داهاتوییەكی نزیكدا قۆناغ بەندی پرۆسەی خوێندنی باڵا لە ڕوەكانی پلان و ژمارەی كورسییەكان و ماوەی پێشكەشكردن و كاتەكانی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی و ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان و دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندن ڕادەگەیەنرێت.



PM:07:02:14/02/2023