سەرکردایەتیی یەکێتیی: هەموو دەستتێوەردانێک لە ناوخۆی یەکێتی هێڵی سوورە


لە بارەی ئەو دۆکۆمێنتەوە کە لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێرەوە دەرچووە، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیاندنێکدا  دەڵێت" هەنگاوی سیاسی و یاساییمان دەبێت، چونکە هەموو دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی یەکێتی هێڵی سوورە”.

لەو راگەیاندنەدا کە ئەمشەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە" سەرجەم رێکارەکانی یەکێتی لەبارەی پەیڕەو، پرسی سەرۆکایەتی و ئەو سکاڵا و تانانەی لە دژی بڕیارەکانی یەکێتی لە دادگاکان تۆمارکرابوون، بە رێڕەوی یاسایی لە بەرژەوەندی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی یەکلاکراونەتەوە و تەواوی ئەو بڕیارانەش کە دراون، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسەندیکردوون”.

هەروەها هاتووە ” لە روونکردنەوەیەکی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە ٧ی شوباتی ٢٠٢٣ ئاڕاستەی سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردووە و ئیمزای فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لەسەرە و دوای ئاماژەدان بە رێکارە یاساییەکان و دەرچوونی بڕیارەکان لە دادگای بەرایی لێکۆڵینەوە، فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان و ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەم پرسە روونکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، تەنیا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لایەنی پەیوەندیدارە لە بڕیاردان بۆ کاروباری ناوخۆیی و هیچ لایەنێکی تر بۆی نییە دەستوەردان لەم بابەتانەدا بکات و ئەگەر هەوڵێکی لەوجۆرەش هەبێت، ئەوا هەنگاوی سیاسی و یاساییمان دەبێت، چونکە هەموو دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی یەکێتی هێڵی سوورە”.

ئەمرۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە نوسراوێکدا کە بۆ یەکێتی کردووە بە ناوی زانیارییەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یەکێتی بە پێی کۆنگرەی چوارەمی خۆی سیستەمی هاوسەرۆکی پەسەندکردووە.




PM:10:18:20/02/2023