بەرهەم ساڵح و پارێزگاری بانكی ناوەندی جەخت لە جێگیركردنەوەی نرخی دینار دەكەن


بەرهەم ساڵح، سەرۆكی پێشووی عێراق و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی جەخت لە ستراتیژیەتی سیاسەتی ئابووری و جێگیركردنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار كرایەوە.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح، لە شاری بەغدا پێشوازیكرد لە دادوەر فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە دیدارێكدا گفتوگۆ كرا لەسەر رێزگرتن لە دەستوور، دامەزراوە دادوەرییەكان و حوكمی یاسا لەگەڵ جەختكردنەوە لە پشتیوانیكردنی رۆڵی دادگا لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی دادوەری.

هەر ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە و جەختكرایەوە لەپێویستی پتەوكردنی بنەماكانی سازان و دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی پرۆسەی دیموكراسی و پابەندبوون بە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەكان.

هەر ئەمڕۆش د. بەرهەم ساڵح لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كۆبووەوە، گفتوگۆ كرا لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەكانی وڵات و جەختكرایەوە لە پێویستی بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری و مسۆگەركردنی سەلامەتی هاووڵاتیان و دورخستنەوەی ئەو مەترسیانەی رووبەڕووی ئارامی وڵات و هاووڵاتیان دەبێتەوە. 

هاوكات بەرهەم ساڵح، لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی كۆبووەوە و باس لە ستراتیژیەتی سیاسەتی ئابووری و جێگیركردنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار كرا، دووپاتیشكرایەوە لە چڕكردنەوەی هەنگاوەكان بە ئاڕاستەی جێگیركردنی دۆخی بازار بەجۆرێك رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبێت.




PM:08:14:23/02/2023