ئاژانیسی فەرمی تورکیا: ئەندامێکی پەکەکەمان لە سلێمانی رفاند

دەزگای هەواڵگری تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئەندامێکی "پەکەکە"یان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد و براوەتەوە بۆ تورکیا.

ئاژانسی ئەنادۆڵی فەرمی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا لە شاری سلێمانی، ڕەمەزان گونەش ناسراو بە (شۆڕش) کە ئەندامێكی پەکەکەیە دەستگیراوە و گواستراوەتەوە بۆ تورکیا". 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" رەمەزان گونەش بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی (١٢) هێرشی چەکداری بۆ سەر سەربازان و هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە شارۆچکەی چەلێ سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و تۆمەتبارە بە کوشتنی (٦٠) سەرباز و پۆلیس و گوندپارێز". 

تائێستا دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای سلێمانی و ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هیچ ڕوونكردنەوەیەكی فەرمییان لەمبارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە.


PM:12:16:28/02/2023