بانکی نێودەوڵەتی قەبارەی زیانە ماددییەکانی بوومەلەرزەکەی سوریای ڕاگەیاند

بانکی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت" ئەو بوومەلەرزانەی مانگی ڕابردوو تورکیا و سوریای گرتەوە زیانی ماددی ڕاستەوخۆی لێکەوتەوە کە تەنها لە سوریا بە پێنج ملیار و ١٠٠ هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت".

بانکەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" قەبارەی ئەو زیانانەی بەر ئەو باڵەخانە و ژێرخانانەی کەوتووە کە لە بومەلەرزەکەی سوریادا روخاون بە نزیکەی ١٠%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی سوریا دەخەمڵێندرێت کە لە نێو باڵەخانە زیانلێکەوتووەکاندا شوێنەوارە کولتوورییەکان لە ناوچە مێژووییەکانی سوریا هەن". 

ڕاشیگەیاندووە" پارێزگای حەلەب زۆرترین زیانی بەرکەوتووە کە دەکاتە نزیکەی ٤٥٪ی کۆی گشتی زیانەکان، هەروەها لە ئیدلیب بەرێژەی ٣٧٪ دێت و دواتر پارێزگای لازقیەدێت کە رێژەی زیانەکان تێیدا بە ١١٪ خەمڵێنراوە". 

ژان کریستۆف کارێ بەڕێوەبەری هەرێمی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت" وێرانبوونی ناوچە زیانلێکەوتەکان ئازار و سەختییەکانی دانیشتیوانی سووریای زیاتر کردووە کە ساڵانێکە بە دەستییەوە دەناڵێنن". 

وتیشی" کارەساتەکە دەبێتە هۆی دابەزینی چالاکییە ئابوورییەکان و ئەمەش کاریگەری زیاتری دەبێت لەسەر ئاسۆی گەشەسەندن لە سووریا". 

ڕۆژی ٦ی مانگی ڕابردوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریای هەژاند کە ژمارەی گیان لەدەستدان پێنج هەزار و ٩٠٠ کەسی تێپەڕاندووە. 


AM:08:57:04/03/2023