سەبارەت بەوەرگرتنی قیستی یەكەكانی پرۆژەی خانووبەرە بە نرخی فەرمی دۆلار روونكردنەوە دەدرێت


بانكی ناوەندی هەرێم یاداشتنامەیەك سەبارەت بە كێشە بانكییەكانی هەرێم ئاڕاستەی حكومەتی عێراق دەكت، هەوڵیش دەدەن بۆ وەرگرتنی قیستی یەكەكانی پرۆژەی خانووبەرە بە نرخی دۆلاری فەرمی ئێستا.

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكە ئەهلییەكانی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە و نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەشداربوو.

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆبوونەوەكە سەرنجیان خستووەتە سەر كێشە و گرفتی بانكە ئەهلییەكان و هەنگاونان و دۆزینەوەی چارەسەر، دیارترین ئەو كێشە و گرفتانەشی گفتوگۆیان لەسەر كرا، پەنجەرەكانی گۆڕینەوەی دۆلار بوون لە فرۆكەخانەكانی هەرێم و لاوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە و هۆكاری لاوازی بەشداری بانكە ئەهلییەكان لە بەرەوپێشبردنی كەرتی ئابووری هەرێم و كەمی خزمەگوزاری هاوڵاتیان لە بواری قەرز و ئاسانكاری.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، باسیان لە هەوڵەكانیان بۆ وەرگرتنی قیستی یەكەكانی پرۆژەی خانووبەرە بە نرخی دۆلاری فەرمی ئێستا كردووە، لە كۆبوونەوەكەشدا بڕیاردرا یاداشتنامەیەك سەبارەت بە كێشە و گرفتە بانكییەكانی هەرێم ئاراستەی حكومەتی عێراق بكرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.




PM:11:20:12/03/2023