ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە


بەهۆی باران بارینی ئەم چەند رۆژەی رابردو ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان مەترێک و ٣٠ سانتیمەتر بەرزبوەتەوە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان، رایگەیاند" لەو دوو شەپۆلە بارانبارینەی ئەم چەند رۆژەی دوایی لە قەزای دوکان زیاتر لە ١٠٠ ملیمەتر باران باریوە، ئەوەش کاریگەریی باشی لەسەر بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان هەبوە."

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان دەشڵێت" ئاستی ئاوی بەنداوەکە لەم چەند رۆژەدا مەترێک و ٣٠ سانتیمەتر بەرزبوەتەوە.

"کۆی گشتی ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوەکەدا نزیکدەبێتەوە لە ٣٥%، بەڵام رێژەی بارانبارین بەراورد بە پار زیاترە، چونکە ئەمساڵ تائێستا ٣٩٣ ملیمەتر باران باریوە و پار تا ئەم کاتە ٢٨٨ ملیمەتر باران باریبوو".( کۆچەر جەمال).

بەڕێوەبەری بەنداوەکە دەشڵێت" چاوەڕوان دەکرێت  ئاستی ئاوەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر بەرزببێتەوە".




PM:07:48:17/03/2023