"كۆتایی ڕەمەزان دیسان سوننە و شیعە دابەش دەبنەوە بەسەر ٢٩ و ٣٠ رۆژ"


شارەزایەكی بواری ئاینزاكان لە عێراق پێیوایە هەرچەندە شیعە و سوننە بۆ دەستپێكی مانگی رەمەزان پێكەوە یەكەم رۆژیان دیاریكرد، بەڵام لە كۆتایی رەمەزاندا دابەش دەبنەوە بۆ دوو رۆژی جیاواز.

یاسین تەها، رۆژنامەنووس و ماستەر لە ئاینزانەكانی عێراق لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "یەكانگیربوونی دەستپێكی ڕەمەزان لە نێوان پەیڕەوانی شیعە و سوننە لە عێراق كاتییە، بەگوێرەی دیدگای شەرعزانەكانیان بۆ دیتنی مانگی كۆچی؛ كۆتایی ڕەمەزان دیسان دابەش دەبنەوە بەسەر ٢٩ و ٣٠".

رۆژی شەممەی رابردوو كۆماری ئیسلامی ئێران كە بە دایكی شیعەكانی جیهان ناسراوە رۆژی پێنجشەممەی وەك یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریكرد، رۆژی سێشەممەش  وڵاتی سعودیە كە بە دایكی سوننەكانی جیهان دادەنرێت بەهەمانشێوە رۆژی پێنجشەممەی وەك یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریكرد.

ئەوەش لە كاتێكدایە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو هەمیشە ناكۆكی لەنێوان شیعە و سوننە بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان و جەژنەكانی رەمەزان و قوربان هەبووە، بەجۆرێك هەمیشە سوننە رۆژێك پێشتری بۆ مانگی رەمەزان و جەژنەكان دیاریكردووە.



PM:11:52:22/03/2023